Skip to the content

سه‌فین دزه‌یی له‌گه‌ڵ نه‌دیم زەهاوى ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووەوە

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی بەریتانیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ نەدیم زەهاوی، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا کە کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دولایه‌نه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا و جەخت لەسەر هەماهەنگی زیاتر کرایەوە بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکات چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
 
سەفین دزەیی، سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی دۆستانی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیای کرد بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتر لە هەرێمی کوردستان، و جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری پەرلەمانی بەریتانیا کردەوە لە هاندانی حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی ڕۆلی کاریگەرتر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ببینن. 

هەر لە درێژەی دیدارەکەدا تیشك خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق و ناوچەکە و جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوره‌‌په‌رێزی لە شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە کرایەوە. 

لە لای خۆیەوە پەرلەمانتار نەدیم زەهاوی ئەوەی دووپات کردەوە کە لە هەوڵەکانیان لە پەرلەمانی بەریتانیا بەردەوام دەبن بەمەبەستی پشتگیریکردنی زیاتر لە پێگەی قەوارە و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کردەوە.