Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە

لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەلیسیا کێڕنس، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا کە کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەی بوو، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئاسته‌نگه‌کان و کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان دەربارەوە کرا.

سەفین دزەیی سوپاسی هاوکاری و هەوڵە بەردەوامەکانی پەرلەمانی بەریتانیای کرد بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتر لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و لەو سۆنگەیەشەوە داوای لە سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا کرد هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە و داوا لە حکومەتی ووڵاتەکەیان بکات ڕۆڵی کاریگەرتر ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پشتگیریکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان.

لەلای خۆیەوە ئەلیسیا کێڕنس، پشتگیری خۆی و لیژنەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر بەردەوامی لیژنەکەی و دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا کردەوە لە بەرگریکردن لە پێشکەوتن و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەدواداچوونی لیژنەکە بە پەیوەندییەکانی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و خواست و ویستەکانی گەلی کوردستان کرایەوە.