Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازى لە شاندێکى هەرێمى کەتەلۆنیا کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونى دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسى فەرمانگە، پێشوازى لە شاندێکى هەرێمى کەتەلۆنیا کرد کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتار و نوێنەرانى رێکخراوەکانى مرۆیی و کۆمەڵگەى مەدەنى و زانکۆکان.

شاندى میوان ئامانجى سەردانەکەیان روونکردەوە کە خوازیار بوون لە نزیکەوە سەردانى کەمپەکانى ئاوارەو پەنابەران بکەن و هاوکارى مرۆیی هەرێمەکەیان پێشکەش بکەن. 

شاندەکە سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد کە لە چەند ساڵى رابردوودا رێگەى داوە ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەو پەنابەر لەهەرێم نیشتەجێ بن و ژیانیان بپارێزێت و دووپاتیان کردەوە کە سەردانى کەمپەکان لە تەواوى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەکەن و هاوکارى مرۆیی یانەى بەرشلۆنەش بۆ مناڵانى کەمپەکان دەنێرن.

سەفین دزەیی، دەستخۆشى لە شاندى هەرێمى کەتەلۆنیا کرد ۆ ئەم دەسپێشخەرییە و هیواى خواست ئەو یارمەتیانە کەمێک لە خواست و ویستى ئاوارەو پەنابەران کەم بکەنەوە و ببێتە مایەى دڵخۆشکردنى منداڵان. 

دزەیی ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستەڕوو بۆ هەر هاوکاری و پشتگیریەک و داواى لە شاندى ناوبراو کرد هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ و ناوەندى هەماهەنگى قەیرانەکان JCC بکەن بۆ ئەوەى بەرنامەکانیان سەرکەوتووانە جێبەجێ بکەن.