Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازى لە کونسوڵى گشتى نوێی یۆنان لە هەرێمى کوردستان کرد

بەبۆنەى دەست بەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی یۆنان، ڕۆژی سێشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، نیکۆلاس ستریۆلاس، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى درەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لێکرا.

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵى گشتى نوێی یۆنان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى دەربڕی بۆ سەرخستنى کارەکانیان لەهەرێمی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا پوختەیەکى لەسەر سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێمی کورستان بۆ پێشخستنى پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان خستەڕوو.

سەفین دزەیی، باسى سەردانەکەی شاندى حکومەتی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ یۆنان کرد و هیواى خواست سەردانەکان لەسەر ئاستى باڵا بەردەوامیان هەبێت.

کونسوڵی گشتی نوێی یۆنان رایگەیاند: ''کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانمان لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە.'' ئاماژەشی بەوەدا کە یەکەمجارە ئەرکێکی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێدەسپێردرێت.

پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و باردودۆخی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.