Skip to the content

كۆمسیۆنی ئەورووپا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە داڵدەدانی ئاوارەكان دەكات

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١ی شوباتی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکی کۆمسیۆنی ئەورووپا بە سەرۆکایەتیی ئەندریاس پاپاکۆنستانتینۆ، بەڕێوەبەری هاوکاریی مرۆیی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کرد.

لە دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی ناوبراو دەربڕی و دواتر پوختەیەکی لەبارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران و بارودۆخیان لە هەرێم بۆ شاندی میوان باس کرد و ئاماژەی بە گرنگیی دابینکردنی پێداویستی و بەردەوامیی هاوکاریکردنیان دا.

شاندی میوان هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیان بەرز نرخاند بە لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم و دووپاتی بەردەوامیی هاوکاریی مرۆییان لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی ئاژانسە نێودەوڵەتیەکان كردەوە.

لە تەوەرەیەکی دیکەدا باس لە هەوڵەکان و پێویستیی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان كرا و چەند سەرنج و ڕایەک لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕ کران.