ڕۆمانیا خوازیارە پەیوەندیی ئابووری و خوێندن و دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمدا بەرەو پێشەوە ببات
ڕۆژى دووشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە کۆنستانتین پێترێ، بەرپرسی تازەى نووسینگەى کونسوڵگەریی ڕۆمانیا لە هەرێم کرد.
بەرپرسی فەرمانگە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لێ کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەى بۆ خواست، هاوکات ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى خستەڕوو، بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیی تەواو لە سەرخستنى کار و بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
بەرپرسی تازەى کونسوڵگەریى رۆمانیا، ڕایگەیاند "زۆر خۆشحاڵم بە دەستنیشانکردنم وەک نوێنەرى وڵاتەکەم لە هەرێمى کوردستان و هیوا دەخوازم لە میانەى ئەرکەکەم لە هەرێم، بتوانم زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتى رۆمانیا و هەرێمى کوردستان بدەم، بە تایبەت لە بوارەکانى پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابوورى و خوێندنى باڵا."
بەرپرسی فەرمانگەش جەختى لەوە کردەوە، بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بریتییە لە فراوانکردنى پەیوەندیى دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى هاوبەش و سوودی دوولایەنە. ڕاشیگەیاند: "هیواخوازین ئاستى نێردەى دیپلۆماسیی ڕۆمانیا بەرز بکرێتەوە بۆ کونسوڵگەریی گشتى و هەماهەنگی و هاوكارییەكان زیاتر بكرێن."