ئاهەنگى رۆژى نیشتیمانی هیند لە هەولێر بەڕێوەچوو
کونسوڵگەری گشتیی کۆمارى هیند لە هەرێمی کوردستان ئێوارەى رۆژى یەکشەممە ٢٩ کانوونی دووەم، بە ئامادەبوونى سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ژمارەیەک لە وەزیر و دیپلۆماتکار و ئەندامانى پەرلەمان، ئاهەنگى رۆژى نیشتیمانیی وڵاتەکەى لە هەولێر بەڕێوە برد.
لە ڕێورەسمەکەدا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەناوى گەل و حکومەتى هەرێم پیرۆزبایی ڕۆژى نیشتمانیی هیندی لە گەل و حکومەتى ئەم وڵاتە کرد.
سەفین دزەیی لە وتەیەکدا بە ناوی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران پیرۆزباییەکی گەرم لە کونسوڵی گشتیی و تەواوی ستاف و کۆمەڵگەی هیندی له ههرێمی كوردستان و گەل و حکومەتی كۆماری هیندستان کرد و گووتی: "شانازی بهو دهستكهوتانهی وڵاتی هیند دەکەین و توانیوتانه لهسهر ئاستی نێودهوڵهتیی بهرهوپێش بچن و ڕووبهڕووی ئالانگارییهكان ببنەوە. ههروهك چۆن غاندی دهڵێت خهبات و تێكۆشانمان بۆ بهدهسهێنانی هێز نییە، بهڵكو ئێمه جهنگێكی ئاشتییانه بۆ سهربهخۆبوونی هیندستان دهكهین. وڵاتێك كه دانیشتوانهكهی نزیكهی 1.5 ملیار بێت و گهورهترین پرۆسهی دیموكراسیی له جیهاندا بێت، لهگهڵ ههبوونی سهدان ئایین و نهتهوه و بیروباوهڕ و زمانی جیاجیا، بێگومان بهڕێوهبردنی ئاسان نییه، ههربۆیه ڕێز و شانازیی به گهل و سهركردایهتی هیندستان دهكهین".
سەبارەت بە ئاستى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیند، سەفین دزەیی گوتى: "كونسوڵگهری گشتیی هیندستان له ههرێم لە ماوەکانی رابردوو كاری زۆر باشی کردووە و خۆشحاڵم كه به پاڵپشتیی و پشتیوانی ههردوو لا پهیوهندییهكانی نێوانمان پێش خراون. بۆ دابینكردنی پڕۆگرامی توێژینەوە و ئهكادیمی بۆ كارمهندانی حكومهتی ههرێمی كوردستان و هاونیشتیمانیانمان و سپاسی حکومەتی هیند دەکەین".
سوبهاش چاندرا کونسوڵى گشتیی کۆمارى هیند، ئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێم لە رێورەسمەکەدا بە هێمای هەستێکی ڕاستەقینەی هاوڕێیەتیی و پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو لا زانی و گووتی: "ئەمساڵ یادی ٧٤هەمین ڕۆژی کۆماریمان دەکەینەوە. لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠ دەستووری هیندستان پەسند کرا و هیندستان بە فەرمی بووە کۆمار و، ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی کۆماری بە شانازی و دڵخۆشییەکی بێ ئەندازە لەلایەن هەموو هیندییەکان لە سەرانسەری جیهان وەک ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت".
وتیشی پەیوەندیی هیندستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێتە گرنگییەکی پێویست. لێکچوونەکانمان بەرەو یەکترمان ڕادەکێشن، جا نموونەکانی زمانی و پێکەوەژیان و لێبوردەییمان بێت لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان یان لێکچوونی وشەییمان. هەردوو نیشتمانی هیندستان و هەرێمی کوردستان شوێنی ئایینە جیاوازەکانن کە لە کەشێکی سەلامەتدا گەشە دەکەن".
سەبارەت بە پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانى و کەلتووریەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کونسوڵی گشیی هیند گوتى: پەیوەندیی ڕۆشنبیریمان بە خێراییەکی باش بەهێزتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ پەیکەرێکی مەهاتما گاندیمان لە سلێمانی داناوە و لەم دواییانەدا دوو گۆشەی هیندستان لە دوو زانکۆی هەرێمی کوردستان دامەزراون. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گۆشەی هیندستان لە سێ زانکۆی دیکە دەکرێنەوە. هەوڵی زیادکردنی بازرگانیی دوو لایەنە دەدەین و بەبەردەوامی کۆبوونەوەی بازرگانی لە نێوان کۆمەڵگە بازرگانییەکانی هیندستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن. ئێمە هەمیشە کۆمەڵگەی بازرگانیمان لە هیندستان بۆ گەشتکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هان داوە. بۆ بەهێزکردنی بازرگانی و وەبەرهێنانی دوو لایەنە توانای زۆر زیاترمان هەیە.
لە کوتاییشدا، بە ستایشکردنی پشتگیرییەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە، هیوایەکی باشی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان خواست.