Skip to the content

ئاهەنگى رۆژى نیشتیمانی هیند لە هەولێر بەڕێوەچوو

کونسوڵگەری گشتیی کۆمارى هیند لە هەرێمی کوردستان ئێوارەى رۆژى یەکشەممە ٢٩ کانوونی دووەم، بە ئامادەبوونى سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ژمارەیەک لە وەزیر و دیپلۆماتکار و ئەندامانى پەرلەمان، ئاهەنگى رۆژى نیشتیمانیی وڵاتەکەى لە هەولێر بەڕێوە برد.
لە ڕێورەسمەکەدا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە  بەناوى گەل و حکومەتى هەرێم پیرۆزبایی ڕۆژى نیشتمانیی هیندی لە گەل و حکومەتى ئەم وڵاتە کرد.
سەفین دزەیی لە وتەیەکدا بە ناوی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران پیرۆزباییەکی گەرم لە کونسوڵی گشتیی و تەواوی ستاف و کۆمەڵگەی هیندی له‌ هه‌رێمی كوردستان و گەل و حکومەتی كۆماری هیندستان کرد و گووتی: "شانازی  به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی وڵاتی هیند دەکەین و ‌ توانیوتانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ره‌وپێش بچن و ڕووبه‌ڕووی ئالانگارییه‌كان ببنەوە. هه‌روه‌ك چۆن غاندی ده‌ڵێت خه‌بات و تێكۆشانمان بۆ به‌ده‌سهێنانی هێز نییە،‌ به‌ڵكو ئێمه‌ جه‌نگێكی ئاشتییانه‌  بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی هیندستان ده‌كه‌ین. وڵاتێك كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 1.5 ملیار بێت و گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی دیموكراسیی له‌ جیهاندا بێت، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی سه‌دان ئایین و نه‌ته‌وه‌ و بیروباوه‌ڕ و زمانی جیاجیا، بێگومان به‌ڕێوه‌بردنی ئاسان نییه‌، هه‌ربۆیه‌ ڕێز و شانازیی به‌ گه‌ل و سه‌ركردایه‌تی هیندستان ده‌كه‌ین".
سەبارەت بە ئاستى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیند، سەفین دزەیی گوتى: "كونسوڵگه‌ری گشتیی هیندستان له‌ هه‌رێم لە ماوەکانی رابردوو كاری زۆر باشی کردووە و خۆشحاڵم كه‌ به‌ پاڵپشتیی و پشتیوانی هه‌ردوو لا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان پێش خراون. ‌بۆ دابینكردنی پڕۆگرامی توێژینەوە و ئه‌كادیمی بۆ كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاونیشتیمانیانمان و سپاسی حکومەتی هیند دەکەین". 
سوبهاش چاندرا کونسوڵى گشتیی کۆمارى هیند، ئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێم لە رێورەسمەکەدا بە هێمای هەستێکی ڕاستەقینەی هاوڕێیەتیی و پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو لا زانی و گووتی: "ئەمساڵ یادی ٧٤هەمین ڕۆژی کۆماریمان دەکەینەوە. لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠ دەستووری هیندستان پەسند کرا و هیندستان بە فەرمی بووە کۆمار و، ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی کۆماری بە شانازی و دڵخۆشییەکی بێ ئەندازە لەلایەن هەموو هیندییەکان لە سەرانسەری جیهان وەک ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت".
وتیشی پەیوەندیی هیندستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێتە گرنگییەکی پێویست. لێکچوونەکانمان بەرەو یەکترمان ڕادەکێشن، جا نموونەکانی زمانی و پێکەوەژیان و لێبوردەییمان بێت لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان یان لێکچوونی وشەییمان. هەردوو نیشتمانی هیندستان و هەرێمی کوردستان شوێنی ئایینە جیاوازەکانن کە لە کەشێکی سەلامەتدا گەشە دەکەن".

سەبارەت بە پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانى و کەلتووریەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کونسوڵی گشیی هیند گوتى: پەیوەندیی ڕۆشنبیریمان بە خێراییەکی باش بەهێزتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠٢٢  پەیکەرێکی مەهاتما گاندیمان لە سلێمانی داناوە و لەم دواییانەدا دوو گۆشەی هیندستان لە دوو زانکۆی هەرێمی کوردستان دامەزراون. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گۆشەی هیندستان لە سێ زانکۆی دیکە دەکرێنەوە. هەوڵی زیادکردنی بازرگانیی دوو لایەنە دەدەین و بەبەردەوامی کۆبوونەوەی بازرگانی لە نێوان کۆمەڵگە بازرگانییەکانی هیندستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن. ئێمە هەمیشە کۆمەڵگەی بازرگانیمان لە هیندستان بۆ گەشتکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هان داوە. بۆ بەهێزکردنی بازرگانی و وەبەرهێنانی دوو لایەنە توانای زۆر زیاترمان هەیە.
لە کوتاییشدا، بە ستایشکردنی پشتگیرییەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە، هیوایەکی باشی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان خواست.