بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازیی لە باڵیۆزى پاکستان لە عێراق کرد
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، رۆژی دووشەممە ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، پێشوازیی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلى، باڵیۆزى پاکستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندىی دوو قۆڵی نێوان هەردوولا بە تایبەتی لە بوارى ئابوورى و کولتوورى و پەرەپێدانى تواناکان.
باڵیۆزی پاکستان بە ئاماژەپێدان بە دەستپێکردنی هەنگاوەکانى کردنەوەى کونسوڵگەرى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان، گووتی لە ماوەى دەست بەکار بوونى وەک باڵیۆزى وڵاتەکەى لە عێراق، تا ئێستا چەند جارێک سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە و خۆشحاڵى خۆى بە بەرەوپێشچوونەکانى هەرێم دەربڕى و ئامادەیى وڵاتەکەشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان پیشاندا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لە بڕیارى کردنەوەى کونسوڵگەرى پاکستان لە هەرێم کرد و ئامادەیی هەرێمیشی بۆ هاوکاریکردنى ئەم بابەتە دەربڕی کە دەبێتە زیاتر پێشخستنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا.
لە کۆتاییشدا، گفتوگۆیان لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانى ناوخۆ و ناوچەکە کرد.