حكومەتی هەرێم و بەرنامەی خۆراکیی جیهانی هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران دەكەن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى یەکشەممە، ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ خاتوو ئیکرام ئەلعونى، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (WFP ) کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگە سوپاس و پێزانینى خۆى ئاراستەى ڕێکخراوی WFP کرد بۆ هاوکاری و جێبەجێکردنى پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان، لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کۆمەکیکردنی کەمپەکان. هەروەها باس لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکرێت بە تایبەت لەم وەرزە سارد و سەرمایە کە بارودۆخیان سەختتر بووە.
بەرپرسی ڕێکخراوی WFP لە عێراق باسی لە پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بابەتی کشتوکاڵ و هاوکاری و پێشخستنی تواناى گەنجان كرد. هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵى و کەمبوونى رێژەى ئاو لە عێراق بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا، ئامادەیی هاوکاریی ئەو شوێنانەیان دەربڕی کە دووچارى قەیرانى کەمئاوى بوونەتەوە. هاوکات پشتگیریی دامەزراوەکانى حکومەتی بۆ سەرخستنى بەرنامەى ئاسایشى خۆراک دووپات كردەوە.