هەرێمی كوردستان و ئوردن پەرە بە پەیوەندیی بازرگانی و پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئوردن جەخت لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان دەكەنەوە و لەو میانەشدا گرنگی بە پەیوەندیی دوولایەنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بازرگانی دەدەن.
تاووتوێكردنی ئەو پرسانە لە پێشوازییەكدا هات كە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فوئاد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینى ئوردن كۆبووەوە.
هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلی ئوردن کرد و ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییە دوولایەنەکان بەرز نرخێنرا؛ خواستی هاوبەشیان بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی زیاتر لە سەرجەم بوارەکان دووپاتكردەوە، بە تایبەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى یەکدی.
هەر لەو میانەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ کران. هاوکات تیشکیان خستە سەر دۆخی ناوخۆیی و گشتی لە هەرێم.