هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا بەردەوامی بە پەیوەندی و هاوكارییەكان دەدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان،(GOV.KRD)- بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو و لەلایەن بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی و گفتوگۆی لەگەڵ كرا.
رۆژى سێشەممە، ١٠ی کانونى دووەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیى، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پێشوازى لە د. تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسى نوێى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیى ئەوروپا لە هەرێم کرد.
لە گفتوگۆكەدا هەردوولا باسیان لە ئەرك و چالاكییە دوولایەنەكان كرد كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و خزمەتكردنی بواری دیپلۆماسی و سیاسیی نێوان هەردوولا. سەفین دزەیی، ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
لە دانیشتنەكەدا جگە لە تاووتوێكردنی دۆخی عێراق، تیشک خرایە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ یەکێتیى ئەوروپا و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان لە بوارەکانى مرۆیى و دیپلۆماسى و و تەناهی و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستاندا.