Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى بەیان سامى عەبدولرەحمان دەکات و پیرۆزبایى لە تریفە عەزیز نوێنەرى حکومەت لە ئەمریکا دەکات

ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى ١٧ى تەممووزی ٢٠٢٣، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتیى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە نێوان بەیان سامى عەبدولرەحمان و تریفە عەزیز، نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا کرد.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى بەیان سامى عەبدولرەحمان ـی کرد  بۆ ئەو ئەرک و خزمەتەى کە بە درێژاییى ساڵانى ڕابردوو وەک نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا و پێشووتریش وەک نوێنەرى حکومەت لە بەریتانیا پێشکەشی کردووە؛ پیرۆزباییشی لە ئەرکە تازەکەى لە نووسینگەى مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەت لێ کرد.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پیرۆزبایى لە خاتوو تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هاوکات دووپاتى تەواوى پاڵپشتییەکانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بۆ نوێنەرى تازە و نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا کردەوە، بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرک و خزمەتکردن.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکى مێژوویى و گرنگمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەیە و متمانەى تەواوم هەیە لە بەردەوامىیی پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییە درێژخایەنانە و هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو لا".

بەیان سامى عەبدولرەحمان، لە گوتەیەکدا بە بۆنەى کۆتایىهاتنى ئەرکەکەى کە لە ماوەى هەشت ساڵى ڕابردوودا لە واشنتۆن، سوپاسى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و ستافى نوێنەرایەتیی کرد. هاوکات بەخێرهاتن و پیرۆزبایى لە تریفە عەزیز، نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم کرد، بە بۆنەى دەستبەکاربوونی.

 

خاتوو تریفە عزیز یەکەم هاوڵاتى کوردى-ئەمریکایە کە ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا وەربگرێت و پێشووتر لە نووسینگەى سەرۆک وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانى کاریکردووە. خاتوو تریفە عزیز خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە کاروبارى پەیوەندییە حکومیەکان لە ئەمریکا.

 

بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە سەردانێکى فەرمى لە ئەمریکایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى ئەمریکا و ئەندامانى کۆنگرێس، ئەوەى جێگەى ئاماژەیە نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم خاتوو تریفە عەزیز یاوەرى بەڕێزیان دەبێت لە بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکان.