Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازیى لە هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا لە عێراق کرد

ڕۆژى چوارشەممە، ٥ی تەممووزی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لە ماکسیمیلیان راش، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندیى دوولایەنەى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئەڵمانیا، بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەى بە گرنگیی پەیوەندیى نێوان حکومەتى هەرێم و وڵاتى ئەڵمانیا کرد و هاوکات سوپاسی حکومەتى ئەڵمانیاى کرد کە هاوکاریى هەرێمى کوردستانى کردووە و هیواى بەردەوامى و بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى خواست لە بوارە جیاوازەکاندا.

د. راش ئاماژەى بەوە دا حکومەتى ئەڵمانیا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بە دوایین سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد بۆ وڵاتى ئەڵمانیا و پێشوازىکردنى لە لایەن ڕاوێژکارى ئەڵمانیاوە دووپات کردنەوەى ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان هەردوولایە.

هەروەها ئاماژەى بەوە دا حکومەتى ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیرىکردنى هەرێمى کوردستان و هیواى خواست پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر بچێت بۆ چارسەرکردنى پرسە هەنووکەییەکانى نێوانیان و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارى و پاڵپشتییەکى دەر بڕى.

لە تەوەرى کۆتاییی دیدارەکەدا، هەردوو لا تیشکیان خستە سەر پرسە هەنووکەییەکانى ناوخۆ و عێراق و بیروڕا لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕ کران.