Skip to the content

بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەفین دزەیی بەشداریی لە ڕۆژی نیشتیمانیی ئیتاڵیا کرد

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ژمارەکی زۆری میوانان، بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی ئیتاڵیا، کونسوڵگەریی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێم ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئاهەنگێکی پێشوازی لە هەولێر ڕێک خست.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، میکێلی کامیرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئەودا دووەم جارە ئەو یادە دەکرێتەوە.
 
ناوبراو پابەندبوونی وڵاتەکەی بە پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی: "ئیتاڵیا هاوبەشێکی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقە." 

کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە هەرێم کرد لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندیی زیاتر لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانی و کولتووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "خۆشحاڵم بە ناوی گەل و حکومەتی هەرێم و سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە گەل و حکومەت و باڵیۆزخانە و کونسوڵگەریی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم بکەم، بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی وڵاتەکەیان لە هەرێم".

گوتیشی: "سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە لە کاتە سەختەکان پشتگیرییان کردین و هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد، ئیتاڵیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تیمی ڕاوێژکاریی سەربازی نارد بۆ هاوکاریی پێشمەگە دژی تیرۆریستانی داعش".

گوتیشی: "وەک هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا. بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی لە کونسوڵگەری بۆ کونسوڵگەریی گشتی، نیشانەی بایەخی ئیتاڵیایە بە هەرێمی کوردستان و پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین. بە هیواین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان ببینن لە سەرخستنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."