Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری باڵای بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە

رۆژی پێنجشەممە 22ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە برۆکسل سەردانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا(EEAS)ی کردو لەگەڵ خاتوو (هێلەین دی گال) بەڕێوەبەری باڵای بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هاوکارانی لە بیرۆی رۆژهەڵاتی ناوەند و کاروباری عێراق کۆبووەوە.

لە میانەی دیدارێکدا کۆمەڵێ تەوەری گرنگی هەنووکەیی پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی-ئەمنی- مرۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەچڕی تاوتوێکران.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە باسکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا. لایەنی یەکێتیی ئەوروپا پابەندبوونی خۆیان بە بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە تێکڕای بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

سەفین دزەیی وێڕای پێشوازی لە هەڵوێستی دۆستانە و نەگۆڕی یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامەکانی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەلایەک و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە لایەکی دی.

شایانی باسە هەریەک لە د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا و د. زانا کوردە بەرپرسی مەلەفی یەکێتیی ئەوروپا لە نوێنەرایەتی ناوبراو، یاوەری بەڕێز سەفین دزەیی بوون بۆ ئەو دیدارە.