بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی سیاسەتیی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە
لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ چەند وڵاتێکى ئەوروپا، ئەمڕۆ چوارشەممە سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ خاتوو تیۆدۆرا گێنتزیس سەرۆکی سیاسەتی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا کە د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا ئامادەبوو، بەڕێز دزەیی ئاماژە بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد، تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا کە پێشووەچوونى باشى بەخۆیەوە بینیوە و هیواى خواست پرسە هەڵواسراوەکان بە دیالۆگ و لەچوارچێوەى دەستوور چارەسەر بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە گرنگی بنەماکانی دیموکراسی کرا لە هەرێمی کوردستان کە حکومەتی هەرێم بەردوام دەبێت لە بەهێز کردنی بنەماکانی دیموکراسی. جەختى کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پیویستی دەزانێت کە هەلبژاردن ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت، هاوکات هیواى خواست دۆستانى گەلى کوردستان هاوکارمان بن تا ئەم پرۆسەیە لە کاتى خۆى ئەنجام بدرێت.
لە بەشیکی تری کۆبونەوەکەدا بەڕێز سەفین دزەیی باسی لە بارودوخی ئاوارەو پەنابەران کرد کە تا ئێستا نزیکەی ٢٥٠،٠٠٠ هەزار پەنابەری سوریا و زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆی عیراق لە هەرێمی کوردستان نێشتەجێن.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە باسى لە پێکەوە ژیانى ئاشتى نێوان گشت پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان کرد لە هەرێمى کوردستان و لەم رووەوە گوتى حکومەتى هەرێم داکۆکیکارى سەرجەم دانیشتوانى هەرێمە بەبێ جیاوازى.
بەڕێزیان تیشکى خستە سەر مەترسییەکانى گروپى تیرۆریستانى داعش و گوتى تا ئێستا لە هەندێ شوێن چالاکى تیرۆریستى ئەنجام دەدەن، بەڕێزیان سوپاسی ووڵاتی بەلجیکای کرد لە هاوکاری کردنی هێزەکانى پێشمەرگەو هەرێمی کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆریستان.
هەردوولا هاوڕا بوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتی بەلجیکا لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەتی لە بواری ووزە و کشتوکال و هەروەها رەخساندنی دەرفەت بۆ کومپانیا بەلجیکیەکان بۆ ئەوەی وەبەرهینان لە هەرێمی کوردستان بکەن.