Skip to the content

تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان کە سەردانی توکیایان کردبوو خەڵاتکران

وەک رێزلێنان و سوپاسگوزاریەک بۆ ئەو هەوڵ و ئەرکە سەختەى تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان ئەنجامیاندا، بەئامادەبوونى سەفین دزەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە مەڕاسیمێکى رێزلێنانى ئەنجامدا

وەک رێزلێنان و سوپاسگوزاریەک بۆ ئەو هەوڵ و ئەرکە سەختەى تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان ئەنجامیاندا لە کاتى زەمین لەرزەکەى هەردوو وڵاتى تورکیاو سوریا کە کارەساتێکى مرۆیی گەورەى لێکەوتەوە، ئەمڕۆ بەڕێز سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە نوێنەرایەنى هەریەک لە دامەزراوەکانى بەرگرى شارستانى و ناوەندى هەماهەنگى قەیرانەکان و تیمى تەندروستى سەر بە وەزارەتى تەندروستى و دەزگاى خێرخوازى بارزانى کرد.

بەڕێزیان گوتى هەرچەندە کاتەکە تێپەڕى بەڵام ئەوەى ئێوە کردتان بە ئاسانى لەبیرو هزرى هیچ تاکێک ناچێتەوەو دەبێتە بەشێک لە مێژووى پڕ شانازى گەلەکەمان. هەرێمى کوردستان یەکەمین تیمى گەیاندە ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئەوەش نیشانەى پەرۆشى و خەمخۆرى ئێوەبوو بۆ ئەوەى بتوانن لەکاتى پێویست بە هاناى لێقەوماوان بچن.

سەفین دزەیی ئاماژەى بە پشتگیرییەکانى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و خەڵکى کوردستان کرد بۆ تیمەکان بۆ ئەوەى لە ڕۆژی یەكەمی ئەو بوومەلەرزەیەی كە لە باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و شوێنەكانی تری توركیا و سوریا ڕووی دا، بە هانای ئەو خەڵكە لێقەوماوە بچن. بێگومان ئێوە وەكوو یەكەم تیمی بەهانا چوون گەیشتنە ناوچەکان كە بەداخەوە زۆر كەس ژیانیان لەدەست دا و زۆر كەسیش لە ژێر خانووەكاندا مابوونەوە، توانیتان یارمەتى پێویست بە گوێرەى توانى بەردەست پێشکەش بکەن، ژیانى خۆتان خستە مەترسى بۆ ئەوەى ژیانى لێقەوماوان رزگار بکەن. شانازیتان بۆ ئێمەو خەڵکى هەرێمى کوردستان تۆمار کردو ئەرکێکى گەورەى مرۆییتان بەجێهێنا.

وەک فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە درێژایی کارکردنى ئێوە لە شوێنە زیان لێکەوتووەکان لە هەماهەنگى و پەیوەندى بەردەوام بووین لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان بۆ ئەوەى یارمەتییەکان بە خێرایی بگەنە شوێنى مەبەست.

دواتر ئامادەبووان سوپاس بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەیان کرد بۆ رێزلێنان لەم ئەرکەى کە ئەنجامیانداوە، هاوکات سوپاسى تیمى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەیان کرد کە هەر لە سەرەتاى رووداوەکەوە هەماهەنگى باشیان لەگەڵ تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان دەرکرد بۆ ئەوەى هیچ ئاستەنگ و لە مپەرێک نەبنە رێگر لەبەردەم کارەکانمان.