سەفین دزەیى پێشوازیى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازیی لە محەمەد فەزلول بارى، باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە پوختەیەکى لەسەر دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخى ناوخۆ و پەیوەندیەکانى هەولێر و بەغدا و ڕوانگەى حکومەتى هەرێم بۆ پرسە هەنووکەییەکان بۆ باڵیۆز ڕوون کردەوە و هاوکات بابەتى پەرەپێدانى پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەت لە بابەتى برەودان بە پەیوەندیى بازرگانى و ئابوورى تەوەرەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
باڵیۆز فەزلول، ڕایگەیاند "وڵاتەکەى نیازى پتەوکردنى پەیوەندی هەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تایبەت لە بوارى ئابوورى و بازرگانى" و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەى بەوە دا "بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیک شاندێکى بازرگانى سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستان بکەن و چەند کۆبوونەوەیەک بکەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم بە مەبەستى هاندانى بازرگان و وەبەرهێنەرانى هەردوو لایەنى بەنگلادیش و هەرێمى کوردستان بۆ زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە و دۆزینەوەى دەرفەتى هاوبەش لە بوارەکانى ئابوورى و بازرگانى".
باڵیۆز سوپاس و پێزانینى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگیی بەردەوام و هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى بەنگلادیشى لە جێبەجێکردنى کارەکانیان.
بەرپرسی فەرمانگە ئامادەیی و پشتگیریى فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەتى هەرێمى دووپات کردەوە لە پشتگیریکردنى ئەم جۆرە هەنگاوانە و ئامادەیی بۆ هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک دەربڕى.