سەفین دزەیی پێشوازىی لە باڵیۆزى سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازیى لە ئیمیلیا جۆرجیڤا، باڵیۆزى سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوە خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بە سەردانى باڵیۆز بۆ هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بە گرنگیی پتەوکردنى پەیوەندیى دوولایەنە کرد.
ئیمیلیا جۆرجیڤا سوپاسی پێشوازیى گەرمى بەرپرسی فەرمانگەى کرد و ڕایگەیاند "خۆشحاڵە بۆ دووەم جار سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات".
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان لە هەرێم و عێراق و پەیوەندى و پرسەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بیروڕاى لە بارەوە ئاڵوگۆڕ کرا و هاوکات بەرپرسی فەرمانگە هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە بارەى پرسە هەنووکەییەکان و بە تایبەت بابەتى بودجە و پرسی نەوتى بۆ شاندى میوان ڕوون کردەوە.
لە تەوەرەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا جەخت لە فراوانکردنى هەماهەنگییە دوولایەنەکان کرایەوە، بە تایبەت لە بوارەکانى ئابووری و بازرگانی و کولتووری.