بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە کونسوڵى گشتیى ئەمریکا کرد
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کورستان کرد.
لە دیدارێکدا کە بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەبوو، بەرپرسی فەرمانگە باسی لە پەیوەندی دێرین و دۆستانەی نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا کرد و بایەخی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەبوارە جیاجیاکان کرد و بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و ڕاپۆرتی ئەم دواییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بوارەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرد.
لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى ئەمریکا خۆشحاڵى خۆى دەبڕى بەم دیدارە و ئاماژەی دا بە پەیوەندى دۆستانە و هاوپەیمانى نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و جەختى لە بەردەوامى و پتەوکردنى پەیوەندییەکان لە بوارەکانى سیاسی و ئابوورى و ئەمنی و بازرگانى کردەوە.