Skip to the content

کونسوڵى گشتى هیندستان سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سوبهاش چاندرا کەین، کونسوڵى گشتى هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەبۆنەى کۆتایی هاتنى ئەرکەکەى سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد بوو.

لە دیدارەکەدا سەفین دزەیی، تیشکى خستە سەر ڕۆڵى کونسوڵى گشتى هیندستان کە لە ماوەى کارکردنى لە هەرێمى کوردستان خزمەتێکى بەرچاوى کردووە لە برەودان بە پەیوەندى دوو لایەنە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى هیندستان و دووپاتى کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەڕێزەوە دەڕوانێتە ئەو خزمەتەى لەو ماوەیەدا ئەنجامى داوە بە تایبەت لە فەراهەمکردنى چەندین خولى ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕى شاندى جیاواز و برەودان بە پەیوەندى ئابوورى و بازرگانى و کلتوورى و زانستى.

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى هیندستان، ئاماژەى دا کەوا ماوەى کارکردنى وەک کونسوڵى گشتى لە هەرێمی کوردستان دەبێتە یادگاریەکى لەبیر نەکراو بەهۆى ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ حکومەتى هەرێمی ئەنجامى هەیبووە لە ڕێگەى فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە.

هاوکات سوپاسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد بۆ هاوکارى و پاڵپشتى بەردەوامى کونسوڵگەرى و ستافەکەى و ئاماژەى بەوەدا ئەو پەیوەندییە دەبێتە هۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى هەمیشە لە بیر و هزریدا بمێنێتەوە.