Skip to the content

کۆمپانیا ئەڵمانییەکان خواستی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازیی لە شاندێکى بازرگانیى ئەڵمانى کرد کە بە سەرۆکایەتیی عەبدولعەزیز ئەلمەخلاف، سەرۆکى ژووری بازرگانیی عەرەبى ئەڵمانى و سۆنکى هێرن، سەرۆکى نووسینگەى پەیوەندییەکانى بازرگانى و پیشەسازیى ئەڵمانیا هاتبوون.

لە دیدارەکەدا کە دڵشاد بارزانى، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەڵمانیا ئامادە بوو، بەرپرسی فەرمانگە بە ناوى خۆی و نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەڵمانیا بەخێر هاتنى شاندى میوانى کرد و ئاماژەى بە گرنگیی ئەو جۆرە سەردانانە دا بۆ پتەوکردنى پەیوەندیی بازرگانى لە نێوان کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى ئەڵمانیا و هەرێمى کوردستان و هاوکات تیشکیی خستە سەر پلانى حکومەتى هەرێم بۆ برەودان بە کەرتى تایبەت و هەمەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهات و پەیوەندیى دروستکردن لە نێوان ژوورە بازرگانییەکان.

لەلایەن خۆیەوە عەبدولعەزیز ئەلمەخلاف، سەرۆکى شاندەکە، خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بەم دیدارە و ڕایگەیاند "لە یەکەم ڕۆژى سەردانەکەیان چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکى سەرکەوتوومان کردووە" و هاوکات ئەوەى خستە ڕوو کە شاندەکە پێکهاتوون لە نوێنەرانى چەندین کۆمپانیاى ئەڵمانى لە چەندین بوارى جیاواز و مەبەستیان لە هاتنیان بۆ هەرێمى کوردستان بریتییە لە پتەوکردنى پەیوەندی لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى پڕۆژەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.

بەرپرسی فەرمانگە دووپاتى تەواوى پشتگیریى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردەوە لە هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن بۆ ئەوەى دەرفەت بڕەخسێت بۆ وەبەرهێنەرانى بیانى و وەرگرتنى ئەزموون و شارەزایی لێیان.
دواتر شاندى میوان چەند پرسیارێکیان ئاراستەى بەرپرسی فەرمانگە کرد و ڕوونکردنەوەى پێویستى خستە ڕوو؛ لە کۆتاییی دیدارەکەدا پوختەیەک لە دوایین پرسە ناوخۆیی و پێشهاتەکانى بۆ شاندى میوان ڕوون کردەوە.