Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازیی لە باڵیۆزى یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمى کوردستان پێشوازیی لە ڤیلى ڤاریۆلا، باڵیۆزى یەکێتىی ئەورووپا لە عێراق و تۆرکید بیۆگ، بەرپرسی نووسینگەى یەکێتىی ئەورووپا لە هەرێم و شاندى یاوەرى کرد.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەروەریی یاسا پێشکەش کرد و تیشکى خستە سەر چەند پرسێکی هەنووکەیی و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بە سەردانی بۆ هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بەوە دا کە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لە هاوکارىکردنى ئاوارە و پەنابەران لە ڕێگەى ئاژانسەکانیان.

لە تەوەرەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکە باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان و ئامادەکارییەکان کرا.
دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەربارەی پرسی کۆچى نایاسایی و ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ.