سەفین دزەیی لە مەراسیمێکی کونسوڵگەریی فەلەستین بەشداریی کرد
ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣، بە بۆنەی حەفتا و پێنج ساڵ تێپەڕبوون بەسەر "ڕۆژی نەکبە" کونسوڵگەریی گشتیی فەڵەستین، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و باڵیۆز نەزمی حەزوور، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێم و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارو بەرپرسان و ڕەوەندی فەڵەستینی لە هەرێم، مەڕاسیمێکی ساز کرد.
سەفین دزەیی لە وتارێکدا بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "سوپاس بۆ کونسوڵگەری گشتیی فەڵەستین بۆ بانگهێشتیان بۆ ئێمە بۆ بەشداریکردنمان لە یادی حەفتاو پێنجەمین ساڵەی "ڕۆژی نەکبە" و یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووس شرین ئەبو عاقلە."
گوتیشی: "نەکبەی فەلەستینی ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە تاڵەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨ بەسەر گەلی فەلەستیندا هات و کاردانەوەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ئێمە وەک گەلی کوردستان لە ئێش و ئازاری ئاوارەیی و دەربەدەریی زۆرەملێ تێدەگەین. ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ نزیکەی ٦٠٠ گوندی هاوڵاتیی کوردیان سووتاند و ڕووخاندو نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی کوردیشیان ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد."
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش هەڵمەتی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی دژی خەڵکی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار شەهیدی لێ کەوتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی تەواوی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لە ڕێگەی دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی.