هەرێمی کوردستان و یۆنان هەماهەنگیی زیاتر بۆ پاراستنی پەنابەرانی کورد لە یۆنان دەکەن
لە کۆبوونەوەیەکى نێوان سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لەگەڵ ماریۆس کالیاس، پارێزگاری ئاژانسی پەنابەران لە وەزارەتى کۆچ و پەنابەرانى یۆنان، باس لە هاریکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆچی نایاسایی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە کونسوڵى گشتىی یۆنان لە هەرێم ئامادە بوو، بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچ و چۆنییەتیی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ. هاوکات ئاماژەى بە ڕۆڵى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت کرد بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى فیدڕاڵ بۆ گەڕاندنەوەى ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە سنوورى نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵۆنیا کە ببوونە قوربانیی قاچاخچییەکان و ژیانیان لە مەترسیی تەواودا بوو.
پارێزگاری ئاژانسی پەنابەران لە وەزارەتى کۆچ و پەنابەرانى یۆنان هیواى خواست هەماهەنگی هەبێت لە نێوان حکومەتى هەرێم و کونسوڵگەریی گشتى یۆنان لە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەى ڕووبەڕووى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە یۆنان بووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەى لەوێ گیریان خواردووە یان دەستگیر کراون.