Skip to the content

ساسان عەونی پێشوازی لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، و لە دیدارەکەدا باس لە زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ڕایگەیاند كە بەشێك لە كونسوڵگەریی وڵاتان لە هەولێر ئامادەیی ئەوەییان دەربڕیوە لە بابەتی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێردا هەماهەنگ و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بە مەبەستی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بە دروستكردنی باخچە و چاندنی دار و گوڵ لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پێشنیار و داواكاریی كونسوڵگەریی وڵاتان و بە تایبەتی "کونسوڵگەریى گشتیى کۆمارى چین"ی بە گرنگ و جێی بایەخ لەقەڵەم دا، كە ئامادەیی خۆیان پیشان داوە هاوكاریی دامودەزگاكانی حكومەت و شارەوانی لە پەرەپێدانی ڕووبەری سەوزایی و دروستكردنی باخچە لە شاری هەولێر بکەن، هاوكات جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك بە مەبەستی كارئاسانی بۆ كونسوڵگەریی وڵاتان بۆ كاری پێكەوەیی لەپێناو زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر کردەوە.