Skip to the content

دیداری ساڵانەی کوردستانییانی دانیشتووی پۆڵەندا بەڕێوەچوو

لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ، وەک نەریتێکی ساڵانە، دیداری ساڵانەی کوردستانیانی دانیشتووی ئەو وڵاتەی  لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرا.
 
ئامانج لە دیدارەکە بەخێرهێنانی ئەو قوتابیانە بوو کە تازە گەیشتوونە پۆڵەندا و ناساندنیان بوو بە قوتابیانی پێشوتر و بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە.

لە دیدارەکەدا هەریەک لە زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا و شێرزاد جاف، کۆنسوڵ لە باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ و د.فازل دەباغ و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان و هاووڵاتیانی کوردستانی دانیشتووی شارە جیاکانی پۆڵەندا ئامادەی بوون.

لە وتەیەکدا نوێنەری حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە دەرگای نوێنەرایەتی هەمیشە کراوەیە بۆ هەموو کوردستانییەک و ئامادەیی نوێنەرایەتیشی پیشاندا، کە بەگوێرەی توانا و هاریکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و قوتابییانی کوردستانی لەو وڵاتە.

دواتریش د.فازل دەباغ، کە کوردێکی کۆنی دانیشتووی پۆڵەندایە چەند ڕێنماییەکی دایە ئامادەبووان.

لەلایەن خۆیەوە شێرزاد جاف، کۆنسوڵی عێراق لە وارشۆ، وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی داوە و، پاشان گفتوگۆیەکی کراوە بۆ ئامادەبووان ئەنجامدرا بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانیان.