Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێر کرد

بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، یان برایم، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا سەفین دزەیی، وێڕای پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتی نوێی فەڕەنسا، پشتیوانی حکومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەربڕی لەپێناو سەرخستنی ئەرک و کارەکانی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندی دێرین و پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا کرا وهەردوولا خواستی هاوبەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندییە دوولایەنەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و زانکۆیی و کلتوورییەکانی نێوان هەردوولا.

کونسوڵی نوێی فەڕەنسا خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.