یەکەمین کونسوڵى گشتى قەتەر لە هەرێمى کوردستان دەستبەکار دەبێت
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ تشرینی دووەمی٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە حوسێن على صالح الفضالة، کونسوڵى گشتى نوێی دەوڵەتى قەتەر لە هەرێمى کوردستان کرد.
حوسێن على وەک یەکەمین کونسوڵى گشتى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان دەست بەکار دەبێت.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەکار بوونى لە کونسوڵى گشتى نوێی دەوڵەتى قەتەر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکەکەی.
لەلایەن خۆیەوە حوسێن الفضالة، سوپاسی فەرمانگە پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکومەتى هەرێمى کرد بۆ پێشوازى و ئاسانکارى لە کردنەوەى کونسوڵگەرى گشتى ووڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان و ڕایگەیاند : '' پێشتریش پەیوەندیەکانى نێوان ووڵاتى قەتەر و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باش دابووە، بەڵام کردنەوەى کونسوڵگەرى گشتى دەبێتە هۆى زیاتر بەرە و پێشچوونى ئەو پەیوەندییانە لە چەندین بواردا.''
ئاماژەشى بەوەدا کە کردنەوەى کونسوڵگەرى گشتى وڵاتەکەی بۆ پتەوبوونى زیاترى پەیوەندی دوولایەنى بووە و لەم ڕووەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرەوپێشچوونى زیاترى پەیوەندیەکانمان.
سەفین دزەیی، ئاماژەى بە گرنگى کردنەوەى کونسوڵگەرى گشتى دەوڵەتى قەتەر کرد و تیشکى خستە سەر ئەو پەیوەندیە بەهێزەى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى کەنداو و ئامادەیی تەواوى حکومەتى هەرێم و فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەربڕى بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتى و پشتیوانیەک بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە دوولایەنیەکان.