سیمینارى هەفتەی دیپلۆماسیی کوردی لە هەرێم دەستی بە کارەکانی کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ٨ ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و د. جوتیار عادل، بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا و پۆڵۆنیا و ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان و میوانان، سیمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسیی کوردی لە هەرێم بەڕێوە چوو.
سەرەتای سیمینار بە گوتەی بەخێرهێنان لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین دەستی پێ کرد؛ سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی لە فەرەنسا کرد بۆ ئەو هەوڵەیان لەپێناو بە تیۆری و پراکتیکی پێشاندانی ئاستی دیپلۆماسیی کوردی لە تەواوی قۆناغەکاندا تا بە ئەمڕۆ دەگات. هاودەم باسی لە بایەخی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد لەم قۆناغەدا و ئاماژەی بەوە دا زانکۆی سەڵاحەددین گرنگیی زۆر بەم بوارە دەدات.
دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لە وتارێکدا دەستخۆشیی لە نوێنەر و ستافی نوێنەرایەتیی حکومەت لە فەرەنسا کرد بۆ ئەو دەسپێشخەرییە و سوپاسی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردن و هەماهەنگیان بۆ سەرخستنی هەفتەی دیپلۆماسیی کوردی.
ناوبراو پوختەیەکی لەسەر گرنگیی دیپلۆماسییەت لە بەرەبەیانی مێژوو تا دەگاتە ڕێکەوتننامەی ڤییەننا کرد، کە چۆن وڵاتان هەمیشە دەخوازن سیاسەت و بۆچوونی خۆیان بە وڵاتی خانەخوێ بگەیەنن. لەم ڕووەوە گوتی بە داخەوە گەلی کوردستان بەهۆی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی کیانێک نەیتوانی ڕۆڵی خۆی ببینێ، بەڵام لەسەردەمی شۆڕش و بزووتنەوەکاندا سەرکردەکانی کورد هەوڵیان داوە پەیامی نەتەوەکەیان بە دەرەوە بگەیەنن.
لە هەشتاکانیش کە گەلی کوردستان دووچاری کۆمەڵکوژی و کیمیاباران و ئەنفال بووەوە، قوتابیان و خوێندکاران لە دەرەوە ڕۆڵی دیپلۆماسییان بینی و ئەو تاوانە گەورانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام درابوو بە دونیایان ناساند. توانیان سەرنجی ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەداران بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
باسی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین و هەڵبژاردن کرد لە گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی کە چۆن نوێنەری حکومەت لە هەندێ وڵات دەستبەکار بوونە و تووشی سەختی بوونە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
سەفین دزەیی باسی لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣ کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان پێناسەی یاسایی وەرگرت و لە ١٤ وڵات نوێنەرایەتیی کرایەوە و کاریش دەکەین ئەو ژمارەیە زیاد بکەین.
هەروەها سوپاسی سەرجەم نوێنەرو ستافی نوێنەرایەتییەکانی کرد کە لە ئاستی پێویست و بە گوێرەی توانای بەردەست توانیویانە کاری خۆیان بکەن.
بەڕێزیان باسی لە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری و کولتووری و پەیوەندیی نێوان زانکۆکان کرد و گوتی: وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کارمان لەسەر سەرجەم ئەو تەوەرانە کردووەو ئەنجامی باشی هەبووە.
لە وتارەکەیدا باسی لە بەهێزیی پێگەی هەرێم کرد کە چۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لێ دەکرێ و هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بوونی هەیە و زیاتر لە ٣٠ وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، وێرای ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
سەفین دزەیی هیوای سەرکەوتنی بۆ سیمیناری هەفتەی دیلۆماسی کوردی خواست و هیوای خواست جێگەی سوودبێت بۆ قوتابیان و مامۆستایان و ئامادەبووان.
دواتر بەریز عەلى دۆڵەمەڕى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا باسى لە بیرۆکەى سەرهەڵدانى هەفتەى دیپلۆماسى کرد بە هاوکارى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو بەشدارى سەرۆکایەتى زانکۆکانى هەر چوار پارێزگاى هەرێمى کوردستان.
بەڕێزیان پوختەیەکى لەسەر چالاکى دیپلۆماسى نوێنەرانى حکومەتى هەرێم پێشکەش کردو گوتى ئەو پەیوەندییەى ئەمڕۆ لەگەڵ وڵاتان هەمانە بە پشتگیرى حکومەتى هەرێم و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو کارى بەردەوامى نوێنەرایەتییەکان بەدیهاتووە. سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددینى کرد بۆ هاوکارى هەماهەنگیان لە پێناو سەرخستنى یەکەم رۆژى هەفتەى دیپلۆماسى کوردى.
پاشان خاتوو رێزان نەجیب لە نێنەرایەتى حکومەتى هەرێم خوێندنەوەیەکى بۆ کتێبى ( دیپلۆماسى و هزرى سیاسی کوردستانى) کردو تێدا بە ووردى باسى لە تەواوى تەوەرو بەش و بابەتەکانى ئەم کتێبە کرد.
تەوەرى دووەمى سیمینارەکە بریتى بوو لە دوو پانێڵ، پانێڵى یەکەم ( رۆلى دیپلۆماسیەتى هەرێمى کوردستان لەبارودۆخە جیاوازەکاندا) بەشدار بووان بریتى بوون لە بەڕێزان
د. جوتیار عادل بەرپرسى فەرمانگەى میدیاو زانیارى
د. عەلى دۆڵەمەڕى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا
د. زیاد رەئوف نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە پۆڵۆنیا
هەروا لە پانێڵى دووەم کە پەیوەست بوو بە ( خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنى دیپلۆماسیەتى هەرێمى کوردستان) بە بەشدارى ئەم بەڕێزانە بەرێوەچوو
د. سامان سۆرانى، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە
رێزان نەجیب، نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا
پ. د. قادر محمد کۆلیژى ئاداب زانکۆى سەڵاحەددین
جێگەى باسە بڕیار وایە سیمینارى هەفتەى دیپلۆماسى لەزانکۆکانى دهۆک و سلێمانى و سۆران و هەڵەبجە ئەنجام بدرێت.