رێکخراوى IVY ژاپۆنى قوتابخانەیەکى لە گەڕەکى مامزاوەى هەولێر کردەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونى سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان و فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له بهغدا و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، رێوڕهسمی كردنهوهی قوتابخانهیهكی ١٨ پۆلی له گهڕهكی مامزاوهی ههولێر بەڕێوەچوو.
قوتابخانەى عولا بۆ ئەو قوتابیانەی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و ئێستا لە کەمپە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حکومەت هاوکاریی مرۆیی و داراییان پێشکەش دەکات.
دواى بەسەرکردنەوەى پۆلەکان و بەشەکانى قوتابخانەکە، لە وتارێکدا باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق رایگەیاند : "دهبێت كارێك بكهین خوێندن وهكو وهبهرهێنان و گهشهپێدان تهماشا بكهین".
لەبارەی کار و پڕۆژەکانی حکومەتی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان؛ فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستا حكومهتی ژاپۆن زیاتر له ٣٠ قوتابخانهی له هەرێمی کوردستان دروستكردووه.
دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئومێدەوارم رۆژێک بێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانێکی سەرکەوتوو و ئارامیان هەبێت؛ بەڵام تا ئەو کاتەی لە هەرێمی کوردستانن و میوانمانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەش دەکات".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد کە هەر لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەوە تا ئێستا چەندین پڕۆژەی جیاوازی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە و هیوای خواست بەردەوام بن لە کارەکانیان و پڕۆژە هاوبەشەکانیش لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری کەرتی پەروەردە و چین و توێژە جیاوازەکان.