Skip to the content

سێیەم ڕۆژی سیمپۆزیۆمی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو

 ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی هەفتەی دیپلۆماسی کوردی کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، سێیەم ڕۆژی سیمپۆزیۆم لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو.

لە سیمینارەکەدا کە فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێم و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر شێروان شەریف. سەرۆکی زانکۆی سۆران و د.عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا و بەرپرسانی حیزبی و ئیداری و ژمارەیەکی زۆری قوتابیان و مامۆستایان ئامادەبوون، چەندین تەوەرو بابەت و پانێڵ پێشکەش کران. 

لە سیمینارەکەدا فەلاح مستەفا، باسی لە مێژووی دیپلۆماسیەتی کوردی کرد لەسەردەمی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بە گوێرەی تواناو قۆناغەکان.
 
 دواتر باسی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین کرد کە تێیدا ویستی گەلی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بوو هەڵبژاردن بکرێت و حکومەتێکی دیموکراتی لە ناوچەیەکی دژوار دروست بکەن و وەزارەتێک بۆ پەیوەندیەکانی دەرەوە دابمەزرێنن بە ناوی وەزارەتی یارمەتی مرۆڤایەتی و هاوکاری. 

فەلاح مستەفا، دواتر باسی لە قۆناغی دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەستووری هەمیشەیی عیراق و دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد وەک دامەزراوەیەکی یاسایی بۆ دروستکردن و فراوانکردنی پەیوەندیبەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە. 

دواتر عەلى دۆڵەمەڕى، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا باسى لە بیرۆکەى سەرهەڵدانى هەفتەى دیپلۆماسى کرد بە هاوکارى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و بەشدارى سەرۆکایەتى زانکۆکانى هەر چوار پارێزگاى هەرێمى کوردستان. 

عەلى دۆڵەمەڕى رایگەیاند:'' ئەو پەیوەندییەى ئەمڕۆ لەگەڵ وڵاتان هەمانە بە پشتگیرى حکومەتى هەرێم و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو کارى بەردەوامى نوێنەرایەتییەکان بەدیهاتووە. ''