Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازى لە بالیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە سێرج دیکشن، باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەخێر هاتنى بەڕێز باڵیۆزى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکەکەى وەک باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن.
 
باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن ئاماژەى بە گرنگى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کردەوە و پشتیوانى ووڵاتەکەى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى دوو لایەنە لە بوارە جیاوازەکان دووپات کردەوە.
 
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەبارەى دوایین پەرەسەندنەکانى ناوچەکە بە گشتى و چارەسەر کردنى کێشەکانى هەولێر و بەغدا بە تایبەتى گفتوگۆ و بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا. 
 
لە کۆتایی دیدارەکەدا خواستى دوو لایەنە بۆ بەرەوەپێشچوونى پەیوەندى دوولایەنە و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی بەلجیکا دووپاتى کرایەوە.