سەفین دزەیی پێشوازی لە ڕاوێژکاری پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای یابانی لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژکاری پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای یابانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە جەختی لە گرنگی پرۆژەکانی ئاو لە هەڵەبجە و هەولێر و شوێنەکانی دیکە کردەوە و هیوای خواست بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بتوانن ژێرخانی خزمەتگوزاری هەرێم زیاتر پەرە پێبدەن و هاووڵاتیان لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند بن.
هاوکات ئامادەیی تەواوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پیشاندا بۆ سەرخستنی کارەکانی ئاژانسی جایکای یابانی.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکا باسی لە بەرنامە و پرۆژەکانی ئاژانسەکەیان لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەڕۆ و ئیفراز و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری تر کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کاریان لەسەر دەکرێت.