Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی وڵاتی ئیسپانیا کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، د.دارەوان حاجی حامد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لەگەڵ خاڤیێر سێرا گیڤارا، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئیسپانیا کۆبووەوە.

لە دیدارێکدا نوێنەری حکومەتی هەرێم کورتەیەکی لە بارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسی لەو ئاسانکارییانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردوویەتی.

لە هەمان کاتدا تیشک خرایە سەر بواری بازرگانی و ئابووری و چونییەتی کارکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و کارئاسانی حکومەتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکانی ناوخۆیی و بیانییەکان.

لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی ئیسپانیا هیوای خواست کە بە پاڵپشتی نوێنەرایەتی حکومەت لە ئیسپانیا، زۆرترین کۆمپانیای ئیسپانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن و بەڵێنیشی دا کە هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بدات کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.