Skip to the content

پاتریارکی کەنیسەی ئاشووری ڕۆژهەڵات مار ئاوای سێیەم سەردانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی لە مۆسکۆ کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۳، پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری مار ئاوای سێیەم، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ڕووسیا کرد کە نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی ڕووسیا د.دانەر ئەبوبەکر، ئامادەبوو و لەلایەن تەها خەڵەف، باڵیۆزی عێراق لە ڕووسیا پێشوازیان لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە نوێنەری کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا، و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری مۆسکۆ ئامادەی بوون، گفتوگۆ سەبارەت بە مێژووی گەلانی عێراق و شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیا و پەیوەندی دۆستانەی نێوان گەلانی نیشتەجێی عێراق و بارودۆخی ئێستای وڵات تاوتوێکرا.

دواتر پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و شاندی یاوەری و نوێنەری کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا سەردانی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕووسیا کرد و لە لایەن نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی د.دانەر ئەبوبەکر، پێشوازیان لێکرا. 

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە ڕەوەندی کوردی و کوردستانییان و پێکهاتەی ئاشووری لە ڕووسیا و دۆستایەتی و هاوبەشی نێوان نوێنەرانی پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان لەم وڵاتەدا، هەروەها مێژووی بەیەکەوە کارکردنی نێوان ڕووسیا و کوردستانییان بە گرنگ لە قەڵەم دا.
 
د.دانەر ئەبوبەکر مستەفا، ڕایگەیاند نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا هەمیشە لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە مۆسکۆ و قەشە سامان ئۆدیشۆ. 

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، نوێنەری هەرێمی کوردستان کتێبی یادەوەری و کورد و دیاسپۆرای پێشکەش بە پاتریارک مار ئاوای سێیەم کرد و پاتریارکی سێیەم لە لایەن خۆییەوە ڕەمزی بەنرخی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری پێشکەش بە نوێنەرایەتی و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا کرد.