Skip to the content

کونسوڵى گشتیی تازەى چین: لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانمان پتەوتر دەکەین

لوو جوون، کونسوڵی گشتیی تازەى چین لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو و سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد.

سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە لوو جوون، کونسوڵى گشتیی تازەى چین کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست؛ ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دووپات کردەوە بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەرێم. هاوکات پوختەیەکى لەسەر سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێم خستە ڕوو بۆ پێشخستنى پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان.

کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین خۆشحاڵیی خۆى پێشان دا و گوتى "کار دەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانمان لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە."

پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و باردودۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانى داعش و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەوەرەکانی دیکەى دیدارەکە بوون.