دوو هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکەی هەرێمى کوردستان لە سعودیە ئازاد کران
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
ڕۆژى سێشەممە، ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لەدوای هەوڵى بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعودیە، توانرا دوو هاووڵاتیی هەرێمى کوردستان کە لە ڕێکەوتی ١٢/٨/٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعودیە لە شاری تائف دەستگیر کرابوون، ئازاد بکرێن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.
ئەم دوو هاوڵاتییە بە مەبەستی بینینی یاریی تۆپی پێی نێوان دوو یانەی ئەو وڵاتە سەردانی شاری تائفیان کردبوو و بە هیچ سەرپێچییەک تۆمەتبار نەبوون، تاوەکوو شایانی سزادان و زیندانیکردن بن، ئەوەی ڕوویداوە تەنیا ناشارەزایی بووە بە هەندێک ڕێسای ئەو وڵاتە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سعودیە و کونسوڵگەریی گشتی لە جەدە دەکات لە بەرانبەر هاوکاری و هەماهەنگییان لە دۆسیەی ئاماژەپێکراو، هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرهاتنەوەی هەردوو هاووڵاتی دەکات بۆ ناو کەسوکاریان.