Skip to the content

دوو هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکەی هەرێمى کوردستان لە سعودیە ئازاد کران

ڕۆژى سێشەممە، ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لەدوای هەوڵى بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعودیە، توانرا دوو هاووڵاتیی هەرێمى کوردستان کە لە ڕێکەوتی ١٢/٨/٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعودیە لە شاری تائف دەستگیر کرابوون، ئازاد بکرێن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.

ئەم دوو هاوڵاتییە بە مەبەستی بینینی یاریی تۆپی پێی نێوان دوو یانەی ئەو وڵاتە سەردانی شاری تائفیان کردبوو و بە هیچ سەرپێچییەک تۆمەتبار نەبوون، تاوەکوو شایانی سزادان و زیندانیکردن بن، ئەوەی ڕوویداوە تەنیا ناشارەزایی بووە بە هەندێک ڕێسای ئەو وڵاتە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سعودیە و کونسوڵگەریی گشتی لە جەدە دەکات لە بەرانبەر هاوکاری و هەماهەنگییان لە دۆسیەی ئاماژەپێکراو، هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرهاتنەوەی هەردوو هاووڵاتی دەکات بۆ ناو کەسوکاریان.