Skip to the content

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دووەمین ئاهەنگى پێشوازیی ساڵانەی هاوینەى بۆ دیپلۆماتکاران ساز کرد

ئێوارەى رۆژى دووشەممە، ١١ی ئەلوولی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونى سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و جێگرى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسان و دیپلۆماتکار و کونسوڵ و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و کارسازان، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دووەمین ئاهەنگى پێشوازیی ساڵانەی هاوینەى بۆ دیپلۆماتکاران ساز کرد.

لە گوتەیەکدا سەفین دزەیی بەخێرهاتنى میوانانى کرد و بەناوی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربری و وێڕای بەخێرهێنان، سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاو ڕابردوودا.

دزەیی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی گەل و حکومەتی مەغریب کرد بە هۆی ئەو بوومەلەرزە دڵتەزێنەی وڵاتەکەی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بوونە قوربانی و بریندار بوون. هاوکات سەرەخۆشی ئاڕاستەی کۆماری تورکیا و بولگاریا و یۆنان و ئەو وڵاتانە کرد کە بەهۆی ڕووداوی لافاوەوە زیانێکی زۆریان پێ گەیشت و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانیان بوونە قوربانی.

هەروەها تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا، کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکانى لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و پەرەسەندنەکان ئاگادار کردۆتەوە و بەردەوامە لەوەی هەرێمی کوردستان خواستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و دانوستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان.

هەروەها جەختی لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و گرنگیی پاراستن و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچەکە کردەوە. لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە پێش، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی پاڵپشتی و هاریکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بەشدار بن لە چارەسەرکردنەکان و ڕۆڵی پۆزەتیڤانەیان هەبێت لە بەرەوپێشچوون و ئاشتی و ئارامیی زیاتر.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەفین دزەیی دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی سەرجەم میوانە بەڕێزەکانی کرد و جەختی لە خواستی گەل و حکومەتی هەرێمی کردەوە بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییە دوولایەنەکان لە سەرجەم بوارەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش، وە هەرێمی کوردستان دەرگای واڵایە بۆ هەر دەستپێشخەرییەک و هاوئاهەنگییەک لەو پێناوەدا.