Skip to the content

لە مەڕاسیمێکدا کلتورى کوردستانى لە پەرلەمانى کەنەدا بەرزڕاگیرا

ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى ٢٤ی ئەیلولی٢٠٢٣، لە باڵەخانەى پەرلەمانى کەنەدا مەراسمێکى فەرمى بەناوى ڕۆژى کلتورى کوردى ئەنجامدرا.
مەراسیمەکە لەژێر چاودێرى چاندرا ئاریا، ئەندامى پەرلەمانى کەنەدا و ئامادەبوونى سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و تریفە عەزیز نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و نوێنەرانى فیدراسیۆنەکانى ڕەوەندى کوردستانى و کۆمەڵە کوردییەکان و ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامانى ڕەوەندى کوردستانى لە تەواوى هەرێمەکانى کەنەدا بەڕێوەچوو.

لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا چاندرا ئاریا، ئەندامى پەرلەمانى کەنەدا وتەیەکى پێشکەش کرد و باسى لە دوایین سەردانەکەى شاندى پەرلەمانى کەنەدا کرد و ئەوەى خستەڕوو کە کوردستان مێژووییەکى دەوڵەمەندى هەیە ولێکچوونى زۆر هەیە لە نێوان کەنەدا و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە ڕووى پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان و کلتور و مێژووى نەتەوەکان. هەروەها ئاماژەیکرد بە ڕۆڵى ڕەوەندى کوردستانى لە کەنەدا و زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کەنەدا.
دواتر سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەناوى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و سوپاسى چاندرا ئاریا و تەواوى پەرلەمانى کەنەدای کرد بۆ پشتگیریکردن لە ڕەوەندى کوردستانى و بەرزڕاگرتنى کلتورى کوردى.

هاوکات تیشکى خستەسەر پشتگیرییەکانى کەنەدا بۆ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە شەڕى دژ بە داعش ئەویش بە هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و هاوکارییە مرۆییەکان. بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە ئامادەبوونى ئەم ژمارە زۆرەى ئەندامانى ڕەوەندى کوردستانى و کۆمەڵە و فیدراسیۆنەکانى ڕەوەندى کوردستانى، دەستخۆشى لێکردن بۆ ئەو چاڵاکیە مەزنەى کە ئەنجامیانداوە و ئەو خەبات و تێکۆشانەى کە دەیکەن بۆ بە زیندوویى هێشتنەوە کەلتور و مێژووى کورد و بەدەستهێنانى پشتگیرى بۆ دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان.

هەر لە مەراسیمەکەدا شوان قەڵادزەیى، بەرپرسى سەنتەرى ڕەوەندى کوردستانى لە شارى ئۆتاوا وتەیەکى پێشکەش کرد و ئاماژەی بە کاروچاڵاکیەکانى ڕەوەندى کوردستانى و کارکردنى بەیەکەوەى هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان کرد بۆ گەیاندنى دەنگ و ناساندنى کلتورى کوردستان. هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەى کلتورى کوردستانى ساڵانە بەشێوەى مەراسیم و کۆکردنەوەیان لەژێر ئاڵاى کوردستان.
لە درێژەى بەرنامەکانى مەراسیمەکەدا نمایشکردنى جلوبەرگى کوردى و مۆسیقا و گۆرانى و بەرنامەى وێنەیى لەسەر مێژوو و پێشکەوتن و دەرفەتەکانى کوردستان پێشکەش کرا.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە یاوەرى تریفە عەزیز، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ سەرتیپ کاکەیى، سەرۆکى ڕەوەندى کوردستانى لە کەنەدا، چەتۆ وانى سەرۆکى ماڵى کورد لە تۆرۆنتۆ، و هەروەها نوێنەرانى ڕەوەندى کوردستانى لە شارەکانى مۆنتریاڵ و کاڵگارى و ئەدمنتۆن ئەنجامدا.
لەسەرەتایى کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پوختەیەکى پێشکەشکرد لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و ئابورى و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و بەدەستهێنانى مافەڕەواکانى گەلى کوردستان.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەستخۆشى و سوپاس و پێزانینى ئاڕاستەى تەواوى ڕەوەندى کوردستانى و ڕێکخرا و کۆمەڵە و سەنتەرە کوردستانییەکان کرد لە هەوڵ و ماندوبوون و چاڵاکیەکانیان بۆ بەدەستهێنانى پشتگیرى بۆ کوردستان و هەروەها کۆکردنەوەى ڕەوەندى کوردستانى و بەزیندووهێشتنەوەى کەلتورى و مێژووى کوردستان.

لەلاى خۆیانەوە ئامادەبووان وێڕاى بەخێرهێنانى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بەم سەردانە و هیوایان خواست ئەم جۆرە سەردانانە بەردەوامى هەبێت. هەروەها ڕاوسەرنجى خۆیان خستەڕوو لەڕووى هەماهەنگى و پشتگیرى و کارکردنى زیاتر بۆ خزمەتکردنى ڕەوەندى کوردستانى لە کەنەدا و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان.