نوێنەری UNHCRسەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى کرد
رۆژی یەکشەممە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، نیکۆڵ ئیپتینگ، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران ( UNHCR ) بەبۆنەى کۆتایی هاتنى ئەرکەکە، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى کرد و لەلایەن سەفین دزەیى، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازى لێکرا.
نوێنەری کۆمسیاری بالای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان سوپاسی وپێزانینی خۆی دەربری بۆ ئاسانکاری وهاوکاری فەرمانگەی پەیوەندەیەکانی دەرەوە و جەختی لە بەردەوام بوونی کارەکانیان کرد لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان و ئامادەیی خۆیان دەربری بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری زیاتر لە بوارە جیاجیاکان.
لە دیدارەکەدا نیکۆڵ ئیپتینگ، باسی لە پرۆژەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوەی یەکگرتوەکان بۆ ئاوارە وپەنابەران لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەدا کە لەماوەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان توانیویانە چەندین پڕۆژە بۆ ئاوارە و پەنابەران ئەنجام بدەن لە بوارە جیاجیاکان و پێشکەشکردنى پێداویستى و خزمەتگوزاری بۆ کەمپەکان.
سەفین دزەیی سوپاسی نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانى بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و سوپاسی رێکخراوى UNHCR و نیکولی کرد کە لە ماوەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان رۆلى بەرچاوى هەبووە لە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆ ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمى کوردستان.