Skip to the content

پەیوەندییەکانی دەرەوە و شاندێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆی چەند پرسێکیان کرد

ڕۆژى ٤ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازیی لە شاندێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) بە سەرۆکایەتیی هارڤی گارسيا، سەرۆکی تیم و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی کرد کە بارەگاکەیان لە نیویۆرکە.

هارڤی ئامانجی سەردانەکەی خستە ڕوو کە بریتیە لە هەڵسەنگاندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی دروست بۆ کارەکان لە پێناو بەدەستهێنانی ئەنجامی کاری پەرەپێدان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

گوتیشی: " دەخوازین لە نزیکەوە ئاگاداری پێویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بین لە بواری بووژانەوەو پەرەپێدان و گەشەی ئابووری. پێشنیارەکانتان چین بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی بەهێزکردنی ئابووری."

سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خۆشحاڵیی خۆی پێشان دا بە سەردانی ئەم شاندە باڵایە بۆ هەرێمی کوردستان و پوختەیەکی لە میکانیزمی کارکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کرد و باسی لە پێویستیی ڕەخساندنی هەلیکار و ڕاهێنانی پیشەیی و دەرفەتی دامەزراندنێکی بەردەوام بۆ گەنجان کرد.

گوتیشی: "بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بە هاوکاریی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن ڕۆڵی زیاتر ببینن لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی پەیوەستە بە گەشەپێدان و بووژانەوەی ژێرخان و بەرزکردنەوەی توانا و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان."