Skip to the content

کونسوڵکارى گشتیی کۆریا لە کۆتایی ئەرکەکەیدا سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ٥ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەت، پێشوازیی لە چۆ کیجۆنگ، کونسوڵکارى گشتىی کۆمارى کۆریا لە هەرێم کرد، کە بە بۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى لە هەرێم سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردبوو.

لە دیدارەکەدا، سەفین دزەیی تیشکى خستە سەر ڕۆڵى کونسوڵى گشتى کە لە ماوەى کارکردنى لە هەرێمى کوردستان ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە لە پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا و ئاماژەى بە پەیوەندیى دۆستانەى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریا کرد و ڕایگەیاند "بەڕێزەوە دەڕواننە ئەو خزمەتەى لەو ماوەیەدا لە هەرێم ئەنجام دراوە."

لە لایەن خۆیەوە چۆ کیجۆنگ، ئاماژەى بەوە دا لە ماوەى کارکردنى وەک کونسوڵى گشتیی وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان، توانیویانە چەندین پرۆژەى خزمەتگوزارى و پەروەردەیی ئەنجام بدەن و هاوکات سوپاسی بەرپرسی فەرمانگە و ستافى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد کە زۆر هاوکار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ کونسوڵگەریى کۆریا.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە هیواى سەرکەوتنى بۆ کونسوڵکارى گشتى لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست.