Skip to the content

جێگرى بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسولی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ــی نیسانی ٢٠٢٤، دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە کونسولى گشتیی کۆریا لە هەرێم کرد.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، جێگرى بەرپرسى فەرمانگە، بەخێرهاتنی کونسولى گشتى کرد و خۆشحاڵیى خۆى بە سەردانى جەنابیان دەربڕی، ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى پێویست نیشان دا، بۆ پتەوتر کردنى پەیوەندییەکان، بە تایبەتى لە بوارەکانى ئابوورى و کولتوورى و خوێندنى باڵا.

تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکە بریتى بوو لە باسکردنی کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ کارمەندانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چەندین بوارى جیاواز و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى کۆریا، وەک یەک لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانى ناوچەکە.

لاى خۆیەوە کونسولى گشتیى کۆریا خۆشحاڵیى خۆى بە ڕێکخستنى ئەم دیدارە دەربڕی و سوپاسى هاوکارى و هەماهەنگیى بەردەوامى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد لەگەڵ کونسولگەرى، وە ئامادەییى کونسولگەرى نیشان دا بۆ پێشکەشکردنى هاوکاریى پێویست لەم بارەیەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە بارودۆخى ناوچەکە و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کرد.