سهفين دزهيى: ڕۆڵی هۆڵەندا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەرز دهنرخێنين
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٤، کونسولخانهى گشتيی شانشینی هۆڵهندا له ههرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم و پارت و لایەنە سیاسییەکان و دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ڕەوەندی هۆڵەندا لە هەرێم و ژمارەیەکی زۆری میوانان، مهراسیمێکی بۆ یادکردنهوهی ڕۆژی نیشتمانی هۆڵهندا و ڕۆژی لهدایکبوونی پاشای ئهم وڵاته له ههولێری پایتهخت ساز کرد.
له مهراسیمهکه کونسولی گشتی گوتەیەکی پێشکەش کرد، سەرەتا باسی لە مێژووی هۆڵەندا و پادشای ئەم وڵاتە کرد، هەروەها باسی لە بارودۆخ و گرژییەکانی ئێستای گۆڕەپانی نێودەوڵەتی کرد، لە نێویاندا شەڕی ئوکرانیا و ڕووسیا، لە لایەک و شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، لە لایەکی ديكەوە و کاریگەريی دووەمیان لەسەر هەرێمی کوردستان و هەولێر بە تایبەتی خستە ڕوو.
ناوبراو ئیدانەی دوایین هێرشی بۆ سەر هەولێر کرد، کە خەڵکی سیڤیل تێدا بوونە قوربانی، لەنێو ئەو قوربانیيانەش پێشڕەو دزەیی و خانەوادەکەی بوون. ئەمەش تەنها هێرش نەبووە کە هەرێمی کوردستان کرابووبێتە ئامانج، بەڵکوو چەندین جار ناوچەکە کراوەتە ئامانج لەلایەن هێزی ناوخۆیی و دەرەکی. ناوبراو ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا خستە ڕوو.
هەر لە لێدوانەکەدا كونسولى گشتيى هۆڵهندا باسی لە گرنگيی یەکگرتنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها باسی لە هەڵبژاردن کرد لە کاتی خۆیدا و پەیڕەوکردن لە دیموکراسیيەت و ئەنجامدانی چاکسازی کە بۆ داهاتووی ناوچەکە گرنگن.
لە کۆتاییدا جەختی کردە سەر زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندی و جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش لە چەند سێکتەرێکی جیاوازدا، لە نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا لە داهاتوودا.
دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتەی خۆی پێشکەش کرد، و دەستپێک بەخێرهاتنی لە ميوانهكان کرد، کە ئامادە بوونە لە مەراسیمەکە و باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا لە هەمان بۆنە ئامادە بوون. بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان مەسرور بارزانی، پيرۆزبایی لە گەل و حکومەتی هۆڵەندا و کونسولگەری گشتيی هۆڵەندا کرد بە بۆنەی ڕۆژی لهدایکبوونی پاشای هۆڵەندا.
هەروەها باسی لە مێژووی پەیوەنديی نێوان هەردوولا کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانى سهدهى ڕابردوو، ئاماژەی بەوە کرد کە هۆڵەندا بە دڵێکی گەورەوە دەرگهکانی کردۆتەوە بەرانبەر ژمارەیەک لە کۆچبەران و بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون لە بوارەکانی خوێندن، خوێندنی باڵا، پیشە.
ههروهها دزەیی ڕۆڵی گرنگی هۆڵەندای لە بواری کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، کە یەکێکە لەو بوارانەی هەرێمی کوردستان گرفتی تێدا هەیە و سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لەم سێکتەرەدا. ناوبراو ڕۆڵی هۆڵەندای لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەرز نرخاند.
جەختی لەسەر گرنگی دیموکراسيیەت و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر دۆخێکی سەختدایە و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگ ناوبرد و هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە گفتوگۆکان بەردەوامن و ئاماژەی بەوەش کرد کە نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لە ئێستادا لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکرنی زیاتر.