سەفین دزەیى پێشوازى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ــی نیسانی ٢٠٢٤، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە محمد فەزلول بارى، باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا سەفین دزەیی پوختەیەکى لەسەر دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخى ناوخۆ و پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و ئەو پێشهاتانەى هاتوونەتە پێش بۆ باڵیۆز ڕوون کردەوە، هاوکات بابەتى پەرەپێدانى پەیوەندیی دوولایەنە بە تایبەت لە بابەتى برەودان بە پەیوەندیى بازرگانى و ئابوورى، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆز فەزلول بارى ڕایگەیاند "وڵاتەکەى نیازى پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەت لە بوارى ئابوورى و بازرگانى هەیە." بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە کارى هاوبەشی زیاتر کرایەوە.
هەروەها لەلای خۆیەوە سوپاس و پێزانینى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى بەردەوام و هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى بەنگلادیشیی دانیشتووى هەرێمى کوردستان لە جێبەجێکردنى کارەکانیان.
لەلایەکى دیکەوە باڵیۆزی بەنگلادیش ئاماژەى بەوە دا کە بە نیازن بۆ یەکەم جار وەک وڵاتى بەگلادیش یادى ڕۆژى نیشتمانیان لە شارى هەولێر ئەنجام بدەن لە مانگى داهاتوو.
بەرپرسی فەرمانگە ئامادەیی و پشتگیریى فەرمانگە و حکومەتى هەرێمى دووپات کردەوە لە پشتگیریکردنى ئەم جۆرە هەنگاوانە و ئامادەییی هەموو جۆرە پشتگیرى و هەماهەنگییەکى دەربڕى.