Skip to the content

به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ پێشوازى لە باڵیۆز و شاندێکى بازرگانيى تایلەندى کرد

ڕۆژی چوارشه‌ممە ٢٨ى ئابى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکى بازرگانيى تایلەندى کرد، کە بە یاوەرى باڵیۆزى تایلەند لە ئوردن و عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، سه‌فين دزه‌يى بە ناوى خۆیی و حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەخێرهاتنى باڵیۆز و شاندەکەی کرد و خۆشحاڵيى خۆى بە سەردانى ئەو شاندە ده‌ربڕى، کە پێک هاتبوون لە نوێنەرى چەندین کۆمپانیاى جیاواز لە چەندین بواردا.

بەرپرسی فەرمانگە پوختەیەکى لەبارەى سیاسەتى هەرێمى کوردستان، بە تایبەت لە بوارى پەرەپێدانى پەیوەنديى ئابوورى و بازرگانى، لەگەڵ وڵاتان خستە ڕوو وە ئاماژەى بەوە دا کە پلان و بەرنامەى حکومەتى هەرێم بریتیيە لە فرەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهات، بۆ ئەم مەبەستەش بنيادنانى پردی پەیوەندى لەگەڵ بازرگانان و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت لە وڵاتان، بەشێکە لە هەنگاوه‌كانى حکومەتى هەرێم. هاوکات ئاماژەى بە گرنگيى وڵاتى تایلەند دا، کە یەکێکە لەو وڵاتانەى باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا کە گەشەیەکى خێراى ئابوورى هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سوود لە شارەزایی و ئەزموونیان وەربگرن.

دواتر باڵیۆزى تایلەند لە ئوردن و عێراق بە ناوى خۆی و شاندى یاوەرى سوپاسی حکومەتى هەرێمى كوردستانى کرد بۆ ئەو گرنگیپێدان و پێشوازيکردنە لە شاندەکە و مەبەستى سەردانەکەى خستە ڕوو وە ئاماژەى بەوە دا کە شاندەکەیان پێکهاتوون لە نوێنەرانى چەندین کۆمپانیاى جیاواز بە تایبەت وەک نوێنەرانى کۆمپانیاکانى کەرتى پیشەسازيى خۆراک و خواردنى دەریایی و دەرمانسازى و جوانکارى و کەرتى تەندروستى و نوێنەرانى زانکۆکان و باسی لەوە کرد کە لە میانەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

هەر لە درێژەى گوتەکانيدا، باڵیۆزى تايله‌ند ئاماژەى بەوە دا کە: هاتنى ئەو ژمارە زۆرەى نوێنەرى کۆمپانیاکانى وڵاتى تایلەند، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە حکومەتى ئه‌و وڵاته‌ بە گرنگیيەوە خوازیارى پتەوکردنى پەیوەندیيەکانيەتى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان.

باڵیۆزى تايله‌ند ئاماژەى بەوەش دا کە وڵاتەکەى بە نیازە دووبارە باڵیۆزخانەكه‌ى لە عێراق بکاتەوە و هاوکات پلانى ئەوەشی دەبێت کە نوێنەرایەتيى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە و هەروەها ئاسانکاريكردن له‌ پێدانى ڤیزاى تايله‌ند يه‌كێكى ديكه‌يه‌ له‌ نيازه‌كانى ئه‌و وڵاته‌، بۆ هەڵگرانى پاسپۆرتى عێراقى لە کاتى سەردانيان وڵاتى تایلەند، ئەمەش لە چوارچێوەى يادى حەفتایەمین ساڵڕۆژى دروستکردنى پەیوەنديى دیبلۆماسی لە نێوان وڵاتى تایلەند و عێراق.