بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە باڵیۆزى غانا لە کوهيت کرد
ڕۆژی دووشەممە ٥ى ئابى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە محهمهد حهبیب، باڵیۆزى کۆمارى غانا لە کوهيت و شاندێکى یاوەرى کرد و خۆشحاڵيى خۆى نیشان دا، کە ئەم دیدارە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى بتوانن پەیامى حکومەتى هەرێم بگەیەنن بە گەل و حکومەتى کۆمارى غانا.
دزەیی جەختى لهوه کردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەرگهى بۆ دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ کۆمارى غانا واڵايه و پێشوازى لە هەر هەنگاوێک دەکات بۆ دروستکردنى پەیوەنديى لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە.
باڵیۆزى غانا لە کوهيت، سوپاسى بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و هیواى خواست ئەم دیدارە ببێتە سەرەتاى دروستکردنى پەیوەندى نێوان هەردوولا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسى کێشەى ئەو هاووڵاتیيانەى غانا کرا، کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن و تووشى کێشەى بەسەرچوون و ونبونى پاسپۆرت بوونەتەوە. بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئامادەیی نیشان دا بۆ ئەوەى کاراسانیيان بۆ بکرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.